سنە؛ سامان کەریمی ٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

11:35 - 1 گەلاوێژ 2721

لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە، سامان کەریمی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بانەی بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی حوکمی دادگای پێداچوونەوە کە ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕ بەسەر سامان کەریمیدا سەپێندرا و ڕاگەیەندراوە، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە ئامانجی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٤ ساڵ زیندان، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٤ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بە ١ ساڵ زیندان، مەحکووم کراوە.

بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوەی ١٣٩٢، توندترین سزا واتا ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە لەئارادایە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی رەشەمەی ٩٩، سامان کەریمی، زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری بانە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی، لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

حوکمی ئێعدامی سامان کەریمی پێشتر لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی دووبارە بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە وەکوو لقی هاوتەریب، ڕەوانە کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە، ٩ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەڕێوە چووە و دواتر ناوبراو بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵیینەوەدا، لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵاتەوە لە شاری قوم ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ بەدواداچوونی دووبارە ڕەوانەی دادگا کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ١٧ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لە تەپەی "سلێمان بەگـ"ـی بانە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی قەرارگای شارامفەری سنە کرابوو.

"سامان کەریمی"، پاش سێ مانگ لە دەسبەسەری لە گرتنگەی قەرارگای شارامفەری سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دادگایی کرابوو و ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵ حوکمی ئێعدام و ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە، ١١ی بەفرانباری ٩٨، ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرابوو.