سنە؛ باوکێک بە پاڵنەری "نامووس" کچە تەمەن ٢٢ ساڵانەکەی خۆی ئاگر تێبەردا

11:09 - 12 رەزبەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەر، دوکتور ئیمان نەوابی لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە، باسی لە ئاگرتێبەردانی کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵە، لەلایەن باوکییەوە، بەهۆی "هەبوونی پێوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک" لە لاپەڕەی ئینستاگرامییەکەی کرد.

 بە وتەی ئەو دوکتورە، قوربانییەکە پاش چێشتنی دەرد و ئازارێکی زۆر و هەروەها لە بڕینی هەر دوو دەستی گیانی لەدەست دا.

هەواڵدەریی مافی مرۆیی "هێرانا" شوناسی ئەو هاووڵاتییەی "فایزە مەلەکی" تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی گوندی دەوڵەت ئاوا (کوڕکوڕە)ی شاری "سنە" ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا "پاش گیان لەدەستدانی ئەو کچه لاوە لە نەخۆشخانە لێدانی باوکی ئەو ژنە لەلایەن ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەوە هێزە ئینتزامییەکان هەوڵی دەسبەسەرکردنی تاوانبار و چەند کەسێک لەو هاووڵاتییانەیان دابوو".

سەرچاوەیەک لەو پەیوەندییەدا، بە "هێرانا"ی وتووە: "فایزە مەلەکی ماوەیەک پێش ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و لە هاوژینەکەی جیا بووەتەوە. دواتر لەگەڵ لاوێک ئاشنا دەبێت کە مەبەستیان پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بووە، بەڵام بنەماڵەی ئەو کوڕە لەگەڵ ژیان پێکهێنانی ئەو کچە دژایەتی دەکەن. سەرەڕای ئەوە وێنەی فایزە و ئەو کوڕە دەگاتە دەستی باوکی ئەو کچە و لە کۆتاییدا، باوکی فایزە چەند ڕۆژ پێش، کچەکەی بە بێنزین ئاگر دەدات".

سەرچاوەی هێرانا هەروەها وتوویەتی: "فایزە کە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گوێزرابوو، سەرەڕای هەوڵی تیمی پزیشکان بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاویەکەی، بێئاکام بوونی هەوڵی پزیشکان و هەروەها گیان لەدەستدانی فایزە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە گۆڕەپانی ئیقباڵی سنە، باوکی فایزە بە ناوی "ح.م"یان کە دەوترێ تووشی مادەی هۆشبەر بووە، داوەتە بەر لێدان و هێزە ئینتزامییەکان ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە و هەروەها باوکی فایزەیان دەسبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردووە".

ڕۆژی یەکشەممە دکتور ئیمان نەبەوی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی شەخسیی خۆی باسی لە گیان لە ەستدانی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی ئاگرتێبەردانی لەلایەن باوکییەوە بەهۆی  هەبوونی  پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک و هەروەها ئازادبوونی بکوژەکە کردبوو.

پاش ماویەک، لە بڵاوبوونەوەی ئەو پۆستە لەلایەن ئەو پزیشکەوە، بە هۆکاری نادیار ئەو پۆستە لابرا.

 ئەوپزیشکە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی دیکە بەرپرسایەتیی دانانی ئەو پۆستەی لە ئەستۆ گرت و وتی: "پۆستی ئاخرم سڕایەوە... بۆ پشتیوانی لە هەژارێک کە هیچ فەریاڕەسێکی نەبووە، هەوڵم داوە و هەوڵ دەدەم. ئەو سکاڵایە لە ڕێگای کارناسانی یاساییەوە، درێژە دەدەم".