سنە؛ ئارمان فەرەهمەند کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

11:37 - 5 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، زیندانییەکی مێرمنداڵ بە ناوی "ئارمان فەرەهمەند"، تەمەن ١٧ ساڵ، کوڕی موختار و خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە مەریوان، لە کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە، پاش بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە مێرمنداڵە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئارمان فەرەهمەند، بە بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان و پێڕاگەیشتن بە داخوازییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "بارودۆخی گشتیی ئارمان فەرەهمەند بەهۆی مانگرتنەکەی ناجێگیر بووە".

ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردان، ئەو زیندانییە مێرمنداڵە، لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ناڕوونیی چارەنووسی و هەروەها پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی لەلایەن لقی ٢ی لێپرسی مەریوان، بە دوورینی لێوەکانی دەستی دابووە مانگرتن.

ئارمان فەرەهمەند، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٩٩، پاش شەڕ و تێکهەڵچوونێکی بەکۆمەڵ لە مەریوان و کوشتنی هاووڵاتییەک بە ناوی "پویا چارە‌تەلەب"، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" وێڕای ٨ کەسی دیکە دەسبەسەر کرابوو.

٨ کەس لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بێتاوان ناسێندران و ئازاد کراون، بەڵام ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵەیە هەروا لە گرتنگەدایە.