سنووری چاڵدێران؛ دوو کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی ئەرتشی تورکیەوە کوژرا و بریندار بوونە

11:17 - 29 خاکەلێوه 2721

شەوی پێنجشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێک بە ناوی "حەسەن کچلانلوو"، خەڵکی گوندی "باڵەخچی" سەر بە چاڵدێران، لەلایەن هێزەکانی ئەرتشی تورکیەوە کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "بەهرام سەمەدی"، کوڕی خالس و خەڵکی گوندی "عیساگولیک"، سەر بە چاڵدێران، بە توندی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئەرتشی تورکیە، لە سنووری "نایوەرە"ی چاڵدێران، تەقەیان لەو دوو کۆڵبەرە کردووە و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، حەسەن کچلانلوو، گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "بەهرام سەمەدی، پاش برینداربوونی لەو ڕووداوەدا، لەلایەن هێزەکانی ئەرتشی تورکیەوە دەسبەسەر کرا و بە توندی دراوەتە بەر ئەشکەنجە و لێدان."

بەهرام سەمەدی هەنووکە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری چاڵدێران، چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت.