سنووری ورمێ؛ کۆڵبەرێک لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپا گیانی لەدەست دا

11:43 - 19 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی هەینی ١٨ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عەبدولعەزیز حاجی‌پوور"، تەمەن ٤٣ ساڵ، کوڕی عەبدولجەبار و خەڵکی گوندی "چریاوا" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری ورمێ، گیانی لەدەست داوە.

ناوبراو بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە کاتی گەڕانەوە لە کۆڵبەری و لە دەڕەی "بنار"ی مەرگەوەڕدا دراوەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە تەنیا چەند بۆکس سیگاری پێ بووە.

تەرمی "عەبدولعەزیز حاجی‌پوور"، ڕەوانەی پزیشکی یاسایی ورمێ کراوە.

ئەو کۆڵبەرە خێزاندار و خاوەن سێ منداڵە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ـەوە، سەرجەم ٩٨ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار بوونە.