سنووری سەردەشت؛ کۆڵبەرێک لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا

10:53 - 6 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "واحید محەممەدپوور"، خەڵکی گوندی "بێران" سەر بە سەردەشت، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری "دۆڵەبیـ"ـی سەردەشت، گیانی لەدەست داوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کۆڵبەرە و ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران کردووە.

واحید محەممەدپوور، خێزاندار و خاوەن سێ منداڵە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "فەهیم ڕوستەم‌زادە"، خەڵکی هەورامان لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە بەرزاییەکانی "تەتە" گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە بەهاری ١٤٠٠ی هەتاویدا، سەرجەم ٥٠ کۆڵبەری کورد، کوژراو و بریندار بوونە.