سمكۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی كورد بۆ ژووی تاكەكەسی راگوێزرا

18:35 - 19 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: سمكۆ خلقەتی هاوڕێ‌ لەگەڵ چوار زیندانی سیاسیی دیكە لە بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤینەوە بۆ قەرەنتینەی بەندی حەوتی نێو ئەو زیندانە گوازرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوابەدوای ناڕەزایەتی دەربڕینی زیندانیانی قەرەنتینەی بەندی ٧ی زیندانی ئێڤین لەمەڕ \"هەڵسووکەوتی نەشیاو\" یەکێک لە هاوژوورییەکەی خۆیان، سەرجەمیان رەوانەی ژووری تاکەکەسیی کران.

سمكۆ خلقەتی، سالار ستوودە، ئومید زارعی‌نەژاد، محەمەد شوجاعی و ئەمیر دووربین قەزایی ئەو پێنج زیندانییەن کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەتی هاوژوورەکەی خۆیان، گوازراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی.

ئەو زیندانییە سیاسیانە لە هاوینی ئەمساڵدا و لە ئەنجامی پلانی \"نەهێشتنی بەندی زیندنایانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، لە بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرابوونەوە بۆ قەرەنتینەی بەندی ٧ی ئەو زیندانە.

ئەو چوار زیندانییە، دەیان جار ناڕەزایەتییان بە یاسای جیاكردنەوەی تاوانەكان، بێبەری بوون لە لانیكەمی ئیمكاناتی بێهداشتی، نەبوونی خزمەتگوزاری و هەروەها فشار و دروست كردنی كێشەی دەروونی، دەربڕیوە.

سمكۆ خلقەتی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو لە زیندانی رەجایی شاری كەرەجەوە بۆ گرتووخانەی ئێڤینی شاری تاران راگوێزرابوو.

\"25319.jpg\"
سمكۆ خلقەتی، بەفرانباری ٨٨ لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەراک لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كرا
ئەو زیندانییە سیاسییە بەر لەوەی رەوانەی زیندانی تاران بكرێت بۆ ماوەی چەندین رۆژ لەژوورەتاكەكەسییەكانی زیندانی رەجایی شاری كەرەجدا راگیرابوو.

سمكۆ بە تاوانی بەشداری كردن لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی ناو زیندانی رەجایی شاری كەرەج و لەسەر بڕیاری بەرپرسی زیندانەكەوە خرابوویە ژوورە تاكەكەسییەكانەوە.

سمكۆ خلقەتی خەڵكی شاری مەهاباد نزیك بە شەش ساڵ لەمەوبەر ( بەفرانباری٨٨) لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەراک لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كرا.

ئەو هاووڵاتییە كوردەی خەلکی شاری مەهاباد، خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیاری مێتالۆژییە.

خلقەتی بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردیەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٥ ساڵ زیندانی كردن حوكم درا و دواتر ئەو حوكمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست كرایەوە.

لێدان و سووكایەتی پێكردن، راگرتن لە ژوورە تاكەكەسیەكان و بێبەری كردن لە خزمەتگوزارییە بێهداشتییەكان لەو فشارانەن كە سمكۆ لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەگەڵیان بەرەوڕوو بۆتەوە.

مانگی خاكەلێوەی ئەمساڵ ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسیی بەندی ٣٥٠ی گرتووخانەی ئێڤین لەلایەن گاردی تایبەتەوە هێریشیان كرایە سەر وێڕای بێ‌ ریزی و سووكایەتی پێكردن دابوویانە بەر لێدان و كوتان.

لەو بارەیەوە ئەو كات ماڵپەڕی \"جرس\" بڵاوی كردبوویەوە ئەو زیندانیانە تەنانەت ناچار كرابوون كە بە رێڕەوی مەرگ( لێدانی باتوم)‌دا تێپەڕ ببەن.

محەممەد سەدیق كەبوودوەند و سمكۆ خلقەتی و چەندین زیندانی دیكەی كورد لەو كەسانە بوون كەلەلایەن هێزەكانی نێو زیندانەوە بریندار كرابوون.