سلێمانی/شیرکەتێکی ئێرانی ماوەی ٣ مانگە مووچەی ٥٠٠ کرێکاری نەداوە

15:40 - 23 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: شیرکەتی پوورنامە کە شیرکەتێکی ئێرانییە و لە شاری سلێمانی و دەربەندیخان لە دانی مووچەی کرێکارانی ئەو شیرکەتە، کە زیاتر لە ٥٠٠ کەسن، خۆ دەبوێرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی شیرکەتی پوورنامە لە سلێمانی، کە خەڵکی ئێرانە، بە بیانووی رەوشی ئیستای هەرێمی کوردستان و نەبوونی بودجە، ماوەی ٣ مانگە مووچەی کرێکارەکانی نەداوەو کرێکارانی ئەو شیرکەتەش بەو هۆیەوە دەستیان داوەتە مانگرتن.

یەکێک لە کرێکارانی ئەو شیرکەتە بە کوردپای راگەیاند؛ بەرپرسی شیرکەتی پوورنامە دەڵێت، من شیرکەتە دادەخەم و ئێوەش بەبێ وەرگرتنی مووچەکەتان، لەم شیرکەتە بڕۆن.

شیرکەتی \"پوورنامە\" تایبەت بە کاری ئاو و رێگەوبانە چالاکی دەکات و دەکەوێتە گەڕەکی \"مامۆستایان\"ی شاری سلێمانی و دوو هاووڵاتیی تورکی ئێرانی بەناوەکانی \"مەهدی پوور و ئەمین\" خاوەنی ئەو پرۆژەیەن.

شیرکەتی پوورنامە، کە نزیک بە تێکڕای کرێکارەکانی خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ئێرانن، پێشتریش بۆ ماوەی ٤ مانگ هەقدەست و مووچەی کرێکارانی شیرکەتەکەی نەدابوو.

بەگوتەی کرێکاران؛  بەهۆی ئەوە کە لە هەرێمی کوردستان یاسایەک نییە پشتیوانی لە خەڵک و بەتایبەت کرێکارانی بیانی بکات، خاوەنکارەکان بە ئاشکرا زوڵم لە کرێکارەکانیان دەکەن\".