سفرەی خەڵک لە وڵاتی ئێران، خاڵی‌تر دەبێت

22:13 - 20 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: خواردەمەنی و لە سەبەتەی خۆراکیی هەر بنەماڵەیەکی (چوار سەر خێزانی)دا لە وڵاتی ئێران، لە ئێستادا بە بەراورد لەگەڵ ١١ ساڵ پێش ئیستا، لە ١٣٩٢ کیلۆوە بع ٩٨١ کیلۆ کەمی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەبەتەی خۆراکیی بنەماڵەکانی لە وڵاتی ئیران لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوییەوە هەتا ساڵی ١٣٩٢، لەسەدا ٢٩.٥ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو ئەم رێژەیەش بەردەوام روو لە کەمبوونەوە دەکات.

ئەم ئامارە، بە پشت بەستن بە ئاماری بانکی ناوەندیی ئێران خراوەتەڕوو، کە بەپێچەوانەی بەڵێنیی بەرپرسانی حکوومەتی، ئاماژە بە خراپتربوونی دۆخی ئابووریی وڵاتی ئێران دەکات.

نان، کە یەکێک لە سەرەکی‌ترین و هاوکات هەرزانترین خواردنی نێو سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییانی وڵاتی ئێران پێک دێنێت، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی \"شرق\" خواردنی نان لە نێو هاووڵاتییاندا کەمی کردووەو خەڵک لە ژەمە خواردنەکانیاندا بەکەمی نان بەکار دێنن.

لەلایەکی دیکەوە، خواردنەکانی وەکوو برنج، هێلکە و گۆشتی سوور، لەسەدا ٢٧ هەتا ٣٧ کەمی کردووەو تەنانەت شیر کە بە بنەڕەتی‌ترین خۆراکی نێو سەبەتەی خۆراک دادەندرێت، رووی لە کەمی کردووە و لە زۆربەی بنەماڵەکانیشدا بە تەواوەتی وەلا نراوە.

هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە خۆراکییەکان لە ئێران، نرخی ماددە خۆراکییەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر رووی لە گرانبوون کردووەو بەم پێیە نرخی ماددە خۆراکییەکان لەسەدا ٣٦٥ رووی لەزیادبوون کردووە.

بە لێکدانەوەی سەبەتەی کاڵای بنەماڵەکان، لە کاتێکدا و لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوییەوە نێونجی تێچووی بنەماڵەکان لە ساڵێکدا بڕی چوار ملوێن و ٥٠٤ هەزار تمەن بووە، بەڵام ئەم رێژەیە لەسەدا ٣٦٥ زیادی کردووەو لە ساڵی ١٣٩١دا بۆ ٢٠ ملوێن و ٩٧١ هەزار تمەن هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە.

\"22011.jpg\"
بەم پێیە، لێکٶلەرانی ئابووری لە وڵاتی ئێران هێڵی هەژارییان لە تاراندا دوو ملوێن و ٥٠٠ هەزار تمەن دیاری کردووە.

بەسەرنجدان بەم ئامارانە، بچووک بوونەوەی سەبەتەی خۆراکیی بنەماڵەکان لە وڵاتی ئێران زۆر لەو قەبارەیە زیاترە، کە ژمارەی ئەندامانی خێزانەکان کەم بوونەتەوە.

جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی سڕینەوەی یارانەکان و فشاری گەمارۆ نێونەتەوەییەکان هۆکاری هاتنە ئارای ئەم دۆخە هەنووکەیە لە سەبەتەی خۆراکی بنەماڵەکان لە وڵاتی ئێراندایە، کە تەنانەت بەرپرسانی حکوومەتی ئسیلامیی ئێرانیش ئامادە نین دانی پێدا بنێن.

رۆژی سێ‌شەممەی ئەم حەفتەیە، وەزیری تەعاون و کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی رایگەیاندبوو، لە ئێستادا ٦ ملوێن کەس لە وڵاتی ئێراندا بێکارن، کە ئەگەر پلانڕێژییەکی بنەڕەتی بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە نەکرێت، لە ٧ ساڵی داهاتوودا ئاماری بێکاری لە سنووری ١٠ ملوێن کەس تێدەپەرێت.