سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ دامەزرێنەران و ئەندامانی بزووتنەوەی سەوز

17:29 - 1 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: دەستەیەک لە نوێنەرانی مەجلیسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە گەڵایەکدا خوازیاری زیندانی کردن و قامچی لێدانی دامەزرێنەران و ئەندامانی بزووتنەوەی سەوز بوون.

هەواڵدەریی «تسنیم» بڵاوی کردەوە، کە ئەو گەڵاڵەیە رۆژی ٢١ی خاکەلێوە پێشکەشی مەجلیس کراوە و رۆژی ٣١ی خاکەلێوە بە شێوەی فەرمی راگەیەندراوە.

ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن ٢١ نوێنەری مەجلیسەوە واژۆ کراوە و لە بڕگەیەک لەو گەڵالەیەدا جەختیان لەوە کردۆتەوە کەلە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەندامان و دامەزرێنەرانی ئەو رەوتە، پێویست بە لەبەر چاوگرتنی \"ماددەکانی جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ\" ناکات و دەبێ بەپێی ئەم گەڵاڵەیە هەڵسووکەتیان لەگەڵ بکرێت.

لە بەندی یەکەمی ئەو گەڵاڵەیەدا هاتووە، کە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی سەوز، بە ٥ هەتا ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری یان ٣١ هەتا ٧٤ قامچی مەحکووم دەکرێن.

لە بەندی ٢ی ئەو گەڵالەیە ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کەسانەی بۆ بزووتنەوەی سەوز پڕوپاگەندەیان کردووە، بە ٢ هەتا ٥ ساڵ یان ٣١ هەتا ٧٤ قامچی یان هەر ٢ حوکمەکە سزا ئەدرێن.

لە بەندی ٣ی ئەو گەڵاڵایەدا پێشنیار کراوە، کە ئەندامانی ئەو بزووتنەوە، بە ٦ مانگ هەتا ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٣١ قامچی مەحکووم بکرێن.

ئەندامان و دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی سەوز لەلایەن دەسەڵاتدارانی بناژۆ خوازی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە \"رەوتی ئینحرافی\" ناو دەبرێن.