ساڵی ٩٥ ساڵی ڕووبەڕوو بوونەوەی خەڵک و حکوومەتە

15:45 - 19 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی \"فێرکاری و لێکۆڵینەوە\" لە دوا ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە: \"لە ساڵی داهاتوودا نەتەنیا هیچ گۆڕانێکی پۆزێتیڤ لەباری ئابوورییەوە لە ئێران نایەتە دی، بەڵکوو کەلێنە ئابوورییەکانیش زیاتر دەبن\".

لەحاڵێکدا کە باقر نەوبەخت سەرۆکی دەزگای بەڕێوەبەریی و بەرنامەداڕێژیی کۆماری ئیسلامی مژدەی گەشەی ٦%ی ئابووریی لە ساڵی داهاتوودا داوە، مەسعوود نیلی، ڕاوێژکاری یەکەمی ئابووریی رووحانی و سەرۆکی دامەزراوەی فێرکاری و لێکۆڵینەوەی دەزگای بەرنامەداڕێژی، ڕایگەیاندووە کە کەلێنێکی گەورە لە ساڵی داهاتوودا دەکەوێتە نێوان کەتوارە ئابوورییەکان و چاوەڕوانییەکانی خەڵک.

نەوبەخت چەند ڕۆژ پیش ئێستا ڕایگەیاندبوو لە ساڵی ٩٥دا، نەتەنیا کەمیی بودجەمان نابێت، بەڵکوو گەشەی ئابووریمان دەگاتە ٦% و وەبەرهێنانیش لە ئێراندا پەرە دەستینێ؛ بەڵام مەسعوود نیلی وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەم لێدوانە وتوویەتی نەتەنیا نابێ چاوەڕێی گەشەی ئابووریی بکەین، بەڵکوو دەبێ خۆمان بۆ کۆمەڵیک کێشەی زۆر جیددیی ئابووری ئامادە بکەین.

بە وتەی ناوبراو ٢ سەرچاوەی سەرکیی داهات لە ئێراندا بوونی هەیە: یەکەمیان داهاتی نەوت و دووهەمیان وەرگرتنی باج. کەم بوونەوەی ٨٠%ی نرخی نەوت دەوڵەت لە دەسپێڕاگەیشتن بە داهاتە نەوتییەکان دەستکورت دەکات و سارد و سڕیی بازاڕیش ڕێگە لە دانی باج دەگرێت، کەواتە بانگەشەکانی نەوبەخت بریتییە لە داسەپاندنی فازێکی نوێ لە ئابووریی \"مقاومتی\".

حەسەن ڕووحانی لە دوا سەفەری خۆی بۆ یەزد، بەڵێنێکی هاوشێوەی نەوبەختی دابوو کە لە لایەن هەواڵدەریی مێهر سەر بە \"دەزگای پڕوپاگەندەی ئیسلامی\"ی تارانەوە ڕەت کرایەوە.