ساڵنامەی \"کرێکار\" بۆ رووماڵی رووداوە کرێکارییەکان (ساڵی٩٢‌ی هەتاوی)

12:24 - 29 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، نزیک بە ١٠٠ کرێکاری کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی رووداوی کار و رووداوەکانی دیکەوە گیانیان لەدەست داوە و ئەو رێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو چوونە سەرەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ خستنەڕووی رێژەی گیان لەدەستدان و بریندار بوونی کرێکارانی کورد، مانگانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"مانگنامەی کرێکار\"‌دا بڵاو دەکاتەوە، بەڵام لە راپۆرتی ئەم جارەدا تیشک خراوەتە سەر ئاماری یەک ساڵی کرێکارانی قوربانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی ٩٢‌دا، ٧٦ کرێکاری کورد لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و ١٨‌کرێکاری دیکەش بریندار بوونە.

گیان لەدەست دانی کرێکاران بە هۆی رووداوی کار (ساڵی ٩٢)

\"18918.jpg\"
لەکۆی گشتیی ئەو ٧٦ حاڵەتە، ٥٣ کرێکار لەکاتی کارکردن‌دا و بە هۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و زۆربەی حاڵەتەکانیش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و کەوتنە خوارەوە بووە.

٢٣ حاڵەت مەرگی کرێکارانیش بە هۆی رووداوەکانی هاتووچۆ، خنکان لە ئاو، خۆکوژی و جەڵتەوە بووە و هەروەها لەماوەی ساڵ ٩٢‌دا، ١٨ کرێکاری کوردیش بە توندی بریندار بوونە.

ئەو ٧٦ حاڵەتی مردنە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩١ چوونە سەرەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بە چەشنێک کە لەساڵی رابردوودا ٤٧ حاڵەتی مەرگی کرێکاران لەناوەندی ئاماری کوردپا تۆمار کراوە و لەکۆی گشتیی ئەو ٤٧ حاڵەتە، ٤١ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و ٦‌کرێکاری دیکەش بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە بووە.

زۆرترین و کەمترین رێژەی کرێکارانی قوربانی، بەپێی مانگ و وەرزەکان

زۆرترین رێژەی کرێکاران لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٢دا بوونەتە قوربانی (مردن و بریندار بوون)، و لەو مانگەدا ١٦ کرێکار کوژراو و بریندار بوون و کەمترین حاڵەتی قوربانیش لەمانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بووە، کە تیایدا ٣ حاڵەت کوژران و برینداربونوی کرێکار تۆمار کراوە.

هەروەها ، ٣٤ حاڵەت گیان لەدەست دان و بریندار بوون، لە وەرزی پاییزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا تۆمار کراوە.

ئەو حاڵەتانە لەگەڵ ساڵی ١٣٩١ جیاوازییان هەیە، کە زۆرترین حاڵەت لەمانگی جۆزەردانی ساڵی ٩١دا بووە و لەو مانگەدا ٨ حاڵەت کوژراو و برینداربوونی کرێکاران رووی داوە و لە وەرزی بەهاری ٩١‌یشدا، سەرجەم ١٨ حاڵەت مردن و بریندار بوونی کرێکاران تۆمار کراوە.

رێژەی کرێکارانی قوربانی بەپێی شارەکان

لە ساڵی ١٣٩٢‌و ١٣٩١‌ی هەتاوییدا زۆرترین رێژەی قوربانیان بەم شێوەیە بووە:
ـ شاری سنە ٢١ حاڵەت ( ساڵی ٩٢)
ـ شاری کامیاران ١٥ حاڵەت ( ساڵی ٩١)

\"18928.jpg\"


دەرکردنی کرێکاران

\"18917.jpg\"
هەر لە ساڵی ١٣٩٢‌ی هەتاوییدا نزیک بە ٦٠٠ کرێکاری کورد ( گرێبەست و فەرمی) لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لەسەر کار دەرکراون و بەشێک لەو کرێکارانە مافی \"بیمە\"‌ش بیبەری بوونە.

بەپێی مادەی ٢٩ لەیاسای کاری ئێران، هەر کرێکارێک کە لەرۆژدا ٨ کاتژمێر کار دەکات و پێویستە \"بیمە عمر\" بکرێت، کەچی بە وتەی بەشێک لەکرێکارانی کورد شتێک بەناوی بیمەی تەمەن(عمر) لای ئەوان نامۆیە و خاوەنکارەکان لە بیمە کردنی کرێکاران خۆ دەبوێرن و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هیچ لێپرسینەوەک ناکەن.

بەوتەی چالاکانی کرێکاریی بەشێکی بەرچاو لەخەڵکی کوردستانی ئێران لەرێگای کرێکارییەوە بژیوی ژیانی رۆژانەیان دابین دەکەن و هیچ جۆرە یاسا و رێسایەک کە مافەکانی کرێکاران لەکوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران دەستەبەر بکات، لە ئارادا نیە و بە هەموو شێوەیەک کرێکاران، هەم حکوومەت و هەم خاوەنکاران، دەچەوسێنەوە.