ساڵحی: لێكۆڵینەوە لە ئیدیعای ئەمریكا دەكەین/ ئەحمەدی نەژاد: نایكەین

18:34 - 26 رەزبەر 2711
كوردپا: وەزیری دەرەوەی حكوومەتی ئێران رایگەیاند، ئامادەیی ئەوەمان هەیە لەمەڕ ئیدیعاكانی ئەمریكا لە پێوەی لەگەڵ دەست تێدا بوونی ئێران لە تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان، لێكۆڵینەوە بكەین.
هەواڵدەریی فارس لە زاری \"عەلی ئەكبەر ساڵحی\" ەوە بڵاوی كردەوە، داوامان لە حكوومەتی ئەمریكا كردووە بەڵگە پێوەندیدارەكانی \"شانۆی\" تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان رادەستی ئێمە بكات هەتا ئێمەش لێكۆڵینەوەی پێویست بكەین.
بە وتەی ساڵحی، مەنسوور ئەرباب كەسێكی بێ‌ شوناسە و بە یەكێك لە ئۆپۆزیسیۆنەكانی حكوومەتی ئێران دێتە ئەژمار.
لەلایەكی دیكەوە مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەركۆماری ئێران لە لێدوانێكدا بۆ كاناڵی ئەلجەزیرە رایگەیاندووە، \"ئەو شانۆگەرییە هیچ پێویست بە لێكۆڵینەوە ناكات\" و وتیشی، ئەمریكا هەر رۆژە و گەمارۆیەكی تازە دەخاتە سەر حكوومەتی ئێران و دیهەوێ‌ لەو رێگایەوە لەگەڵ ئێمە بواری وتووێژ بڕەخسێنێ‌.
وتەبێژی دەرەوەی ئەمریكا لە پەرچەكردار بە لێدوانەكانی هاوتا ئێرانییەكەی رایگەیاندووە: ئێمە لەبارەی ئەو تیرۆرە و هەروەها ئەو كەسەش كە لە پێوەندی لەگەڵ تەرحی تیرۆردا دەستبەسەر كراوە پێوەندیمان بە لێپرسراوانی ئێرانەوە گرتووە، بەڵام هەتا ئیستا هیچ وڵامێكیان نەداوینەتەوە.
ئەو لێپرسراوەی حكوومەتی ئەمریكا ئاشكراشی كرد، بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەروەندەی تیرۆرەكەمان رادەستی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە.
ویكتۆریا نولاند، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەواڵی كۆبوونەوەی لێپرسراوانی حكوومەتی ئێرانی لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریكا لەمەڕ پەروەندەی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان پشت راست كردوتەوە.
دەفتەری پێوەندییەكانی ئێران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان چاوپێكەوتنی سووزان رایس لەگەڵ محەممەد خەزایی نوینەرانی ئەمریكا و ئێران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی رەت كردۆتەوە.