سالار چاوەشی بە کۆتایی ماوەی زیندانیبوونەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

19:35 - 15 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ۱٥ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سالار چاوەشی"، کوڕی عەبدوڵڵا و خەڵکی گوندی "حاجی لەک" سەر بە ناوچەی "چۆمی مەجیدخانـ"ـی بۆکان، بە کۆتایی ماوەی زیندانیبوونەکەی، لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی سێشەممە ۲٦ی ڕەشەمەی ۹۹، هاتبووەوە مەرەخەسی و پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی، گەرابووەوە زیندانی بۆکان.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ۹۹، ئەو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.

حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی ئەو هاووڵاتییە، لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە و ئەو حوکمە مانگی سەرماوەزی ۹۹، پاش پشتڕاستکردنەوە لە دادگای پێداچوونەوە بە ناوبراو ڕاگەیندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" و "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانانی ۹۹، "سالار چاوەشی"، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.