سالار چاوەشی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا

17:22 - 5 رێبەندان 2720

ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سالار چاوەشی"، کوڕی عەبدووڵڵا و خەڵکی گوندی "حاجی لەک" سەر بە ناوچەی "چۆمی مەجیدخانـ"ـی بۆکان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.

حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی ئەو هاووڵاتییە، لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە و ئەو حوکمە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ پاش پشتڕاستکردنەوە لە دادگای پێداچوونەوە بە ناوبراو ڕاگەیندرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، بە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانان، "سالار چاوەشی"، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر کرا و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.