سالار و سامان غەزالی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کران

11:05 - 10 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "سالار و سامان غەزالی"، خەڵکی مەهاباد لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە پاش ٩ مانگ زیندان کەوتوونەتە بەر لێخۆشبوونی هێزی دادوەری(قوەی قەزاییە).

ئەو دوو هاووڵاتییە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد غوڵامی"، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، هەر کامەیان بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کران و ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٩٩، ئەو حوکمە بە ناوبراوان ڕاگەیەندرابوو.

حوکمی زیندانی ئەو دوو هاووڵاتییە پاش "تسلیم بە رأی" بۆ هەرکامەیان بۆ ٢٤ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، نێوەڕاستەکانی مانگی بەفرانباری ٩٩، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، ئەو دوو برایەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوون.

ئەو دوو برا پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون و پاش ٧٥ ڕۆژ لێپرسینەوە، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزران.

سالار و سامان غەزالی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان"، بێبەری کرابوون.

لە ماوەی دەسبەسەریدا، سامان غەزالی ٢٠ ڕۆژ دەستی دابووە مانگرتن.

سامان غەزالی، خوێندکاری تێرمی کۆتایی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسیی زانکۆی برووجێردە و "سالار غەزالی" دەرچووی کارناسیی باڵای شیمیی زانکۆی ڕازیی کرماشانە.

وێنە: سالار و سامان غەزالی