زەینەب ئیسماعیلی بە شێوەی غیابی بە ٦ ساڵ زیندانیی مەحکووم کرا

17:17 - 2 سەرماوەز 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زەینەب ئیسماعیلی" لە ئەندامانی دایکانی ئاشتیی کوردستان خەڵکی شاری دێولان، بە شێوەی غیابی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دادگا "زەینەب ئیسماعیلیـ"ـی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی کوردستانی" بە ٥ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان، مەحکووم کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە بەهۆی دەسبەسەرداگرتنی موبایلەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لە بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئاگادار نەبووە و بانگهێشتنامەکەی بە شێوەی پەیامەک لە ڕێگای موبایلەکەیەوە بۆ ڕەوانە کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "بنەماڵەی زەینەب ئیسماعیلی پاش ئاگاداربوون لە داسەپاندنی ئەو حوکمە، هەوڵی گرتنی پارێزەر و تۆمارکردنی سکاڵانامەیان داوە".

ئەو سەرچاویە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پاش قەبووڵکردنی سکاڵانامەی زەینەب ئیسماعیلی، ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەز، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوە چوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لە شاری دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیداری ئیتلاعاتی شاری سنە، کرابوو.

ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش مانگێک لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە بەندی ژنانی کانوونی چاککردنەوە و پەروەردەی سنە، ئازاد کرابوو.

زەینەب ئیسماعیلی دایکی "محەممەد ئەمین ئەمیری" بە ناوی کۆدی ڕێکخراوەیی "هاورێ لەیلاخ" لە ئەندامانی (YPG) بووە  کە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی شەڕ لەگەڵ ‌هێزەکانی داعش لە شاری کۆبانی گیانی لەدەست داوە.

دایکانی ئاشتیی کوردستان لە لایەن ژمارەیەک لە دایکانی گیانبەختکردووان و زیندانییانی سیاسیی ئێعدام کراو دامەزراوە.