زەریف، حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە تیرۆریست لەقەلەم دا

22:42 - 4 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەشداریی پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەرەکانی شەر بە دژی چەکدارانی داعش، دژ کردەوەی محەمەد جەوادی زەریفی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەفەرێکی چەند کاتژمیریدا بۆ هەرێمی کوردستان و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مەسعوود بارانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەمەێ بەشداریی پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئیران لە بەرەکانی شەڕ بە دژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی، پەرچەکرداری نواند.

ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئاخۆ حکوومەتی ئێران هێزی چەکداری لەناوخاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە، رایگەیاند؛ \"ئێمە هێزی نیزامیمان لە عێراقدا نییە و تەنیا هێزیکی چەکدارمان هەیە و ئەویش لە ژێر کۆنتڕۆڵ و فەرمانی کۆماری ئیسلامیدایە.

\"21766.jpg\"
وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا بەشداریی کرد، کە هێزی چەکدارە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵاتی ئێرانی بە نافەرمی و تیرۆریست لەقەڵەم دابوو.

جەوادی زەریف رووی ئاخاوتنەکەی لە هێزی پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە، کە لە ماوەی رابردوودا لە بەرەکانی شەڕ بە دژی چەکدارانی داعش چالاکییان بووە.

جەوادی زەریف لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێری بی‌بی‌سی‌دا سەربارەت بە ئاستی هاوکارییەکانی حکوومەتەکەی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە کە حکوومەتی ئێران هەم لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەم لەگەڵ هەرێمی کوردستان \" لە بواری جۆراوجۆری وەکوو نیزامیدا\" هاوکاریی دەبێت.

پێشتر حیزبەکانی وەکوو حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، و لە چەند رۆی رابردووشدا کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پێشمەرگەکانی خۆیان بە مەبەستی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش رەوانەی بەرەکانی شەر کردبوو.

بە گوتەی وتەبێژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئەو حیزبە لەسەر داوای فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگەی خۆیان رەوانەی بەرەکانی شەر کردبوو، کە دواتر بە پشاری سیاسی و دیپلۆماتیکی ئێران هیزەکانیان لەبەرەکانی شەر کشاندەوە، ئەوەش تاقە حالەتێک بووە کە وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمیی داوای لەو حیزبە کردبوو کە هێزەکانیان رەوانەی بەرەکانی شەڕ بە دژی داعش بکەن.