زیندانییەکی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرت

19:37 - 5 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسوکەوتی نەشیاو و نەدانی مەرەخەسی لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانە، دەستی داوەتە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی گەیشوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی کورد بە ناوی \"رەحیم ئەلیاسی\" ناسراو بە \"شارام\"خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی ٥ رۆژە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە \"زیندانی رەجایی شاری کەرەج\"ەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"شارام ئەلیاسی\" شەوی هەینی باری تەندروستی تێکچوو و بەو هۆیەوە رەوانەی بێهداریی نێو زیندانیان کردبوو کە پزیشکانی نێو زیندان بەبڕیاری بەرپرسانی زیندان لە چارەسەریی پزیشکی ناوبراو خۆیان بواردبوو.

ئەو زیندانییە کوردە ساڵی ١٣٨٦ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا کە دواتر بە تاوانی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" لە رێگەی راگرتنی \"چەک و تەقەمەنی\" لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە حوکمی ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

ناوبراو پاش ئەوەیکە حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا پژڕاست کرایەوە، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە زیندانی شاری بۆکانەوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج دوور خرایەوە کە هەنووکە ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە لە زیندان دایە.