زیندانییەکی کورد زیاتر لە ٨ساڵە لە نادیاریی چارەنووسیدا بەسەر دەبات

15:12 - 3 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینی کورد کە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج‌دا بەسەر دەبات، زیادتر لە ٨ساڵە چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، \"فەرهاد سەلیمی\"، مامۆستای ئایینیی زیندانی کراو لە زیندانی \"ڕەجایی شار\"ی کەرەج، لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٨٨ەوە بەدەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کراوە و زیاتر لە ٨ساڵە چارەنووسی نادیارە.

ناوبراو پاش دەستبەسەرکران، بۆ ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، گواستراوەتەوە و بۆ ماوەی ٨مانگ لە ژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەی بەرپرسانی زینداندا بووە، پاشان لە مانگی پووشپەری ١٣٨٩دا بۆ زیندانی ئێڤین گواستراوەتەوە و بۆ ماوەی ٦مانگ لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ٢٤٠ و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین‌دا بەسەری بردووە. لە مانگی بەفرانباری ١٣٨٩ی هەتاویشدا پاش شەش مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئێڤین، بۆ بەندی ٣٥٠ی ئەو زیندانە گواستراوەتەوە و دواجار لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی بۆ زیندانی \"ڕەجایی شار\"ی کەرەج ڕایانگواستووە.

ئەم زیندانییە کوردە، لە ماوەی زیادتر لە ٨ساڵ زیندانی بوونی‌دا، لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە.

\"\"
فەرهاد سەلیمی
بەرپرسایەتی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە ڕێکەوتی١٣٨٩ی هەتاوییەوە کەوتۆتە ئەستۆی \"محەممەد مەردانی\"، کە ناوبراو پاش وەرگرتنی ئەو بەرپرسایەتییە، زیندانیانی ئەم زیندانە و بە تایبەت زیندانیانی سیاسیی خستۆتە ژێر گوشار، و هەر بەم هۆیەشەوە زیندانییەکان ناڕەزایەتیی زۆریان سەبارەت بە چۆنییەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانیانی سیاسی دەربڕیوە.

بۆ نموونە زیندانیان لە مافی مەرەخەسی و ئیمکاناتی بێهداشتی و پزیشکی بێبەش کراون یان بە کەمترین ئاستی خۆی گەیشتووە، و چاوپێکەوتنی زیندانیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە ژێر چاوەدێری بەرپرسانی زینداندایە.

بە هۆی گوشاری بەرپرسانی زیندان، چەند ڕۆژ پێش ئێستا زیندانیەک بە ناوی\"مەیسەم کەریم پوور\" خەڵکی \"خۆڕڕەم‌ئاباد\"، دەستی داوەتە خۆکوژی.

بەرپرسانی حکوومەتی ئێران چەندین جار لە لایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤەوە سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵسووکەوت لەگەڵ زیندانیان هۆشداریان پێ دراوە بەڵام، حکوومەتی ئێران خەمساردە و ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی زیندانیان بە تایبەت لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بەرەو خراپتر بوون دەچێت.