زیندانییەکی کورد بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

11:26 - 22 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی سەید "ئەمیر تاهیریان" خەڵکی شاری مەهاباد و دانیشتووی شاری پیرانشار، بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی مانگێگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، لە ژێر لێکۆڵینەوە دابووە و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

سەید "ئەمیر تاهیریان" ساڵی ٩٦، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر "غوڵامی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش ٣٨ مانگ زیندانی بۆ یەکەم جار ئیزنی مەرەخەسی پێدرابوو و دواتر بۆ زیندانی گەڕێندرایەوە.

ئەو زیندانییە پاش تەواو کردنی ٨ مانگ لە ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی باز بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.