زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بەسێدارە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا \"شێت\" بووە

16:02 - 6 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە زیندانی ورمێ، بەهۆی ئەشکەنجەی لەرادەبەدەر بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، تووشی \"شێت\"ی بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەک لە زیندانی ورمێ، بێهرووز ئاڵخانی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بەسێدارە، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەمەبەستی دانپێدانانی تەلەفزیۆنی لەمەڕ کوشتنی دادستانی شاری خۆی، ماوەی ١٥ رۆژ هەڵواسراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ پزیشک، \"شێت‌بوونی\" ئەو زیندانییە سیاسی‌یە کوردەی بەهۆی ئەشکەنجەوە تەئید کردووەو لە کاتێکدا تووشی ئەو حاڵەتە بووە، بەرپرسان و مەئموورانی ئەمنیەتیی نێو زیندان \"گاڵتە\" بەو زیندانییە کوردە، دەکەن.

ئەوەشی خستەروو، \"بێهرووز ئاڵخانی دەچێتە سەر تەختەکەی و بە هیچ شێوەیەک نایەتە خوارەوە و رۆژانی چوارشەممە، کە زیندانیان لەو زیندانەدا لە سێدارە ئەدرێن، تووشی حاڵەتی تەشەنوج دەبێت و جنێو ئەدات\".

\"20189.jpg\"
بێهرووز ئاڵخانی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بەسێدارە
ئەو زیندانییە کوردە، رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٨ لە شاری سەڵماس دەستبەسەر کراو ماوەی ١٨ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی ورمێ راگیرابوو، کە دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ‌وە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ \"حیزبێکی کوردی\" و \"کوشتنی دادستانی گشتیی شاری خۆی\" حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە.

پەیمان ئاڵخانی برای ئەو زیندانییە کوردە پێشتر بە هەواڵدەریی هێرانای رایگەیاندبوو، بێهرووز هیچ‌کات دانی بە کوشتنی \" وەلی حاجی قولی‌زادە\" دادستانی شاری خۆی‌دا نەناوە و تەنانەت بنەماڵەی ئەو دادستانەش سکاڵایان لەسەر بێهرووز تۆمار نەکردووە\".

برای ئەو زیندانییە سیاسییە باسی لەوەش کردبوو، \"مەئموورانی ئیتلاعاتی ورمێ شۆکی ئەلکترۆنی‌یان لەسەری بێهرووز داوە و بەکەڵک وەرگرتن لە کابل بە توندی ئەشکەنجەیان کردووەو بەوهۆیەوە حاڵەتی رۆحیی ناوبراو تێکچووبوو\".