زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکی گەڕایەوە بۆ زیندانی یەزد

12:15 - 3 پووشپەڕ 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "ڕۆستەم ئەرکیا"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ، پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی، گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی یەزد.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، سەرەتایی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، هاتبوو بۆ مەرەخەسی.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ٨٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ساڵی ٨٧، لە دادگای ئینقلابی خۆی بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەورۆزی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بە ئێعدام مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتی بەو حوکمە، ئەو حوکمە ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٨٨، لە دادگای پێداچوونەوە بە ١٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی یەزد کەم کرایەوە.

بە ناڕەزایەتیی نوێنەری دادستانی ورمێ، حوکمی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٨٨ لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٢٠ ساڵ زیندانی بەرز بووەوە.

"ڕۆستەم ئەرکیا"، مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، بۆ زیندانی یەزد دوورخرایەوە و ناوبراو ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ساڵی ٩٠،  بەنیسبەت جیانەکردنەوەی زیندانییانی سیاسی لە زیندانییەکانی دیکە (عادی) دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن، کە پاش ڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندانی یەزد لەگەڵ داواکارییەکی ئەو زیندانییە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.