زیندانییەکی سیاسیی کورد لە مافی مەرەخەسی بێبەرییە

12:29 - 20 خەزەڵوەر 2720

بەرپرسانی زیندانی بەندەرعەباس لەگەڵ داواکاریی مەرەخەسیی تەحسین پیرووزی، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی گوندی "سەردۆشـ"ـی شاری مەریوان، دژایەتی دەکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی مەرەخەسی و دەستپێراگەیشتن بە پاڕێزەر بێبەریی کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "بەرپرسانی زیندانی بەندەرعەباس لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا، لەگەڵ مەرەخەسیی تەحسین پیرووزی دژایەتییان کردبوو".

"تەحسین پیرووزی" ساڵی ٩٨ لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و دواتر بۆ زیندانی بەندەرعەباس دوور خرابووە.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەلایەن دادسەرای نیزامیی شاری مەریوان بە تۆمەتی "سیخوڕی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ١٥ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی بەندەرعەباس مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە پایگای گوندی "سەردۆش" سەرباز بووە و ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرابوو.