زیندانییەکی سیاسیی کورد لە شاری شاهروود بارودۆخی نالەبارە

12:48 - 28 سەرماوەز 2720

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "محەممەد نوورانی‌زادە" تەمەن ٥٧ ساڵ کوڕی ڕەحیم خەڵکی بۆکان و دانیشتووی مەهاباد لە شاری شاهروود، بارودۆخی تەندروستی نالەبارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە پاش دوورخرانەوەی بۆ شاهروود، ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، دەسبەسەر کرا و لە زیندانی ئەو شارە دایە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بارودۆخی جیسمانی نالەبارە و نەخۆشیی زەختی خوێنی هەیە.

محەممەد نوورانی‌زادە، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "دیاکۆ ڕەحمانی‌نەسەب" تەمەن ٣٧ ساڵ کوڕی حەسەن خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ساڵی ٩٦، لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی "بەشداریکردن له سیخوڕی لە بەرژوەوەندیی یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ١ی دادگای نیزامیی ١ی ورمێ، بە ٦ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری شاهروود، مەحکووم کرابوو.