زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

11:20 - 30 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، "پەرویز ناسری" زیندانییەکی سیاسیی کورد، کوڕی سەعید خەڵکی شارەکی ئیسلام‌ئابادی ورمێ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەندکرانی ئەو زیندانییە سیاسییە بەپێی یاسای کەمکردنەوەی سزاکان لە  دوو قۆناغداکەم کراوەتەوە.

پەرویز ناسری کۆتاییەکانی مانگی خەزڵوەری ساڵی ٩٨،  بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر  کرا و ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوێزرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨،  لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری تاوانبار کرا و ئەو حوکمەش پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو زیندانییە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ کرا و ئەو تۆمەتەش گۆڕدرا بۆ "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" و حوکمەکەی بۆ ساڵێک زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، "ڕەحیم مەحموودئازەر" زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.