زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

17:20 - 29 گەلاوێژ 2720

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، "ڕەحیم مەحموودئازەر" زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە بەبۆنەی ٩ مانگ زیندان بە تۆمەتی "بەزاندنی سنوور"، لە زیندان ئازاد نەکرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ٥ مانگ بە تۆمەتی "بەزاندنی سنوور" لە زینداندا بووە.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، ئەو زیندانییە سیاسییە وەبەر لێخۆشبوونی نەورۆزیی دەزگای دادوەری کەوتبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، "ڕەحیم مەحموودئازەر" بەنیسبەت ڕەتکردنەوی داوای ئازادیی بێمەرەجی، ناڕەزایەتی دەربڕیبوو و مانی گرتبوو.

ئەو زیندانییە کوردە خەڵکی ورمێیە و مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا نەجەفی‌ زادە"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بە ٥ ساڵ تەعزیری و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کرایەوە و بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، ٥ ساڵ لەو ١١ ساڵە وەکوو ئەشەدی سزا دەبێ جێبەجێ بکرێت.