زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا

16:15 - 3 سەرماوەز 2720

بڕیار کاوە، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە دانانی بارمتە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ئیزنی مەرەخەسیی پێدرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا.

کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، دادگای ئینقلابی مەریوان ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، حوکمەکەی لە ٥ ساڵەوە بۆ ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، "بڕیار کاوە" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٣٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ زیندانی مەریوان گوازرابووەوە.

"بڕیار کاوە" ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.