زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی سنە بە مەرج ئازاد کرا

10:01 - 10 رەزبەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "وەلی نەسری" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" بە کەڵکوەرگرتن لە ئازادیی مەرجدار، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەرمانان، دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە بە سەرۆکایەتیی دادوەر"سەعیدی" بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو. بەپێی مادەی ١٣٤ یاسای سزای ئیسلامی، ٥ ساڵ لەو حوکمە دەبێ جێبەجێ ببێت.

"وەلی نەسری" ڕۆژی سیشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.