زیندانییەکی سیاسیی کورد بەبیانووی ونبوونی دۆسیەکەی لە زینداندا ماوەتەوە

13:00 - 24 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش تێپەڕاندنی ١٦ ساڵ زیندانی، ماوەی زیاتر لە ٥ مانگە بەبیانووی ونبوونی دۆسیەکەی لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"دا راگیراوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ـەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"ئیبراهیم حوسێن‌پوور\" زیندانیی سیاسیی کورد پاش تێپەڕاندنی ١٦ ساڵ زیندانی، بە بیانووی ونبوونی دۆسیەکەی هەتا ئێستا لە زینداندا راگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی ٥ مانگ پێش ئێستا حوکمی ئازادیی \"ئیبراهیم حوسێن‌پوور\" لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو زیندانە بەبیانووی ون بوونی دۆسیەکەی، خۆ لە ئازاد کردنی دەبوێرن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، راگیرانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە کاتێک دایە کە باری تەندروستی ناجێگیرە و بەهۆی ئەشکەنجەوە لاق، رێخۆڵە و سییەکانی تووشی چڵک کردن بوون و پێویستە بۆ چارەسەریی پزیشکی رەوانەی دەرەوەی زیندان بکرێت.

ئیبراهیم حوسێن پوور سەرەتای مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر \"عەباس‌زادە\" بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆن بە ١٧ ساڵ زیندان حوکم درا کە ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونە و دیوانی بەرزی وڵاتەوە پژڕاست کراوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندانی شارەکانی مەهاباد و ورمێ بووە و دواتر بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج دوور خراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەباح حوسێن پەناهی چالاکی سیاسیی کورد، پاش تەواو بوونی حوکمەکەی، ئیدارەی ئیتلاعات سکاڵای لەسەر تۆمار کردۆتەوە و بەو هۆیەوە هەتا ئێستا لە زیندانی شاری قوروە راگیراوە.