زیندانییەکی سیاسیی کورد بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا

16:47 - 11 رەشەمه 2720

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمە، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "شەفیع فەقیزادە"، خەڵکی شنۆ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانباری ٩٨، ئەو زیندانییە سیاسییە پاش دەرچوونی حوکمی جەڵبی دادگا، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاییزی ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆ، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٥ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرابوو.

پاش ناڕەزایەتی‌دەربڕینی ئەو هاووڵاتییە بە سەپاندنی حوکمەکەی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٥ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو گۆڕدرابوو.

شەفیع فەقیزادە، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.