زیندانییەکی سیاسیی کورد بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملوێنی مەرەخەسیی پێدرا

20:31 - 28 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد کە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی شاری تەبەس دوور خراوەتەوە، بە دانانی بارمتەیەکی قورس مەرەخەسیی پێدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەخرەدین (فەردین) فەرەجی کە بە ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەس مەحکووم کراوە، پاش چوار ساڵ دەستبەسەری مەرەخەسیی پێدرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان رایگەیاند؛ فەخرەدین فەرەجی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵكی \"لەنجاوا\"ی سەربە شاری مەریوان، بە دانانی ٢٢٠ ملوێن تمەن بارمتە، بۆ ماوەی دوو حەفەتە مەرخەسیی وەرگرت.

شاری تەبەس کەلە ئوستانی خۆراسانی باشوور هەڵکەوتووە، نزیک بە ١٣٥٠ کیلۆمیتر لە شاری مەریوان دوورە.

\"24835.jpg\"
فەخرەدین فەرەجی بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملوێنی مەرەخەسیی پێدرا
پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، کە لە زیندانی شاری تەبەس تووشی نەخۆشی هاتبوو، لەبری راگواستن بۆ بێهداری، رەوانەی قەرەنتینەی نێو زیندان کرابوو .

فەخرەدین فەرەجی، مانگی بانەمڕی ساڵی ١٣٩٠ هاوڕێ لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی محەمەد حوسێن (خوسرەو) رەزایی، چەنگیز قەدەم خێر و ئەیوب ئەسەدی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوموەتی ئیسلامیی ئێراندا، دەستبەسەر کرابوو.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩١ لە رێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا لە دادگەی ئینقلابی شاری سنەدا دادگایی کرابوون و سەرئەنجام فەخرەدین فەرەجی بە ٣٠ سال زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەس، محەمەد حوسین رەزایی بە ٤٥ سال زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب، چەنگیز قەدەم خێر بە ٤٠ سال زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندنای )مسجد سلیمان) و ئەیوب ئەسەدی بە ٢٠ ساڵ زیندنا و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کاشمەر مەحکووم کرابوون.