زیندانییەکی سیاسیی کورد، بۆ ماوەیەکی نادیار مانی لەخواردن گرت

20:22 - 9 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی مەسجید سلێمان لە ئوستانی خووزستان، کە بە زیندانی درێژماوە حوکم دراوە، مانی لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەنگیز قەدەم خێر زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان و رێگری کردنیان لەگەڵ چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بۆ ماوەیەکی نادیار مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: لەماوەی حەفتەی رابردوودا بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەل کوڕەکەیان چووبوونە، زیندانی مەسجید سلێمان و بەرپرسانی ئەو زیندانە ئیزنی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەو زیندانییە سیاسییەدا پێنەداون.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: چەنگیز قەدەم‌خێر لە نامەیەکی رەسمیدا بۆ بەرپرسانی زیندان، مانگرتنی خۆی لە خواردن راگەیاندووە.
\"25737.jpg\"
هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندانی مەسجید سلێمان، مانگرتنی چەنگیز قەدەم‌خێر، زیندانیی سیایسی کوردی لێکەوتۆتەوە
زیندانی مەسجید سلێمان لە ئوستانی ئەهوواز ٤٧٠ کیلۆمیتر لەگەڵ شاری کامیاران، زێدی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، مەودای هەیە.

چەنگیز قەدەم خێر، مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٠ هاورێ لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی فەردین فەرەجی، خوسرەو رەزایی و ئەیووب ئەسەدی، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا\" دەستبەسەر کران.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩١ بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا (محاربە)\" لە رێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆندا دادگەیی کران و سەرئەنجام چەنگیز قەدەم‌خێر بە ٤٠ ساڵ زیندانی و دوور خرانەوە بۆ مەسجید سلێمان و محەمەد حوسین رەزایی بە ٤٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەو ەبۆ زیندانی میناب، فەردین فەرەجی بە ٣٠ سال زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەس و ئەیووب ئەسەدیش بە ٢٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کاشمەر، مەحکووم کران.