زیندانییەکی سیاسی لە گرتنگەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرایەوە

11:33 - 31 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، زیندانییەکی سیاسی بە ناوی "سالار خەلیل سدیقی هەمەدانی" لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گەڕێندرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ژووری تاکەکەسی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، لە ژێر لێکۆڵینەوە داببوو.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: " ١٢ ڕۆژ پێش، باوکی ئەو زیندانییە سیاسییە بە ناوی ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گەڕێندرابووە".

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ، "ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی" و کوڕەکەی بە ناوی "سالار خەلیل سدیقی هەمەدانی"، دوو زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ورمێ، لە بەندی ڕاوێژی ئەو زیندانە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی، لەگەڵ کوڕ و کچەکەی سالار و مەریم خەلیل سدیقی هەمدانی، ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لە شاری ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزران.

مەیەم خەلیل سدیقی هەمەدانی، ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ساڵی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٨، "ئیبراهیم و سالار خەلیل سدیقی هەمەدانی" لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵقی ئێران" هەر کامەیان بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

حوکمی داسەپاو دژی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، ١٥ ساڵ بۆ هەر کامەیان جێبەجێ بکرێت.