زیندانییەکی سیاسی لە رەجایی شاری کەرەج پاش ٢ ساڵ دووری لە بنەماڵەکەی، ئیزنی چاوپێکەوتنی پێ نەدرا

21:49 - 9 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی عەرب لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، پاش ٢ ساڵ دووری لە بنەماڵەکەی، لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری رێگری لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج بۆ ئەزیەت کردنی \"خالید حەردانی\" زیندانی سیاسیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز رێگرییان لە چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد.

یەکێک لە زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، خالید حەردانی کە ماوەی ٢ ساڵ بووە کە لەگەڵ بنەمالەکەی چاوپێکەوتنی نەبووە، بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەژێــر فشاری هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا رێگرییان لەو چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی کردووە.

ئەو زیندانییە راشیگەیاند، منداڵێکی تەمەن ٢ ساڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ چاوپێکەتن لەگەڵ باوکی لە شاری ئەهوازەوە هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی سەردانی زیندانی رەجایی شاری کەرەجی کردبوو کە ئەو رێگری کردنەی بەرپرسانی زیندان گریان و شیوەنی ئەو منداڵەی لێکەوتەوە.

ئەو زیندانییە ئاماژەی بەوەش کرد، خالید حەردانی لە کاتێکدا بەرەوڕووی رێگری و ئاستەنگ بوویەوە کە ناوبراو لە هاوسەر و منداڵەکانی نزیک ببوویەوە و ئەمەش لە حاڵێک دایە کە خالید حەردانی دوایین جار ٢ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ بنەماڵەکەی چاویان بە یەکتر کەوتبوو.

خالید حەردانی هەتا ئێستا چەندن جار بەبیانووی جۆراوجۆر پەروەندە سازی بۆ کراوە و دادگایی کراوە کە دوایین جار بە تۆمەتی \"بێ‌رێـزی کردن بە رێبەری نیزام\" لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری کەرەج بەرەوڕووی دادگا بۆتەوە.