زیندانییەک بەهۆی ئەشکەنجەی توندی مەئموورانی زیندانی ورمێ گیانی لەدەست دا

11:22 - 29 بانەمەڕ 2721

شەوی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، زیندانییەک بە ناوی "ئەمیر ڕەزایی"، تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی ورمێ لە ئەنجامی ئەشکەنجەی توندی مەئموورانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە بەهۆی ئەشکەنجەی توندی مەئموورانی زیندان بێهۆش بووە و لە بێهداریدا گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، بەهۆی تێکهەڵچوونی زیندانییانی بەندی ١٤ی زیندانی ورمێ، ئەمیر ڕەزایی و چەند زیندانیی دیکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی شەممە دوای کرانەوەی دەرگای ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی ٢ــ ١ هەڵاتووە کە لەگەڵ ئەشکەنجە و لێدانی توندی مەئموورانی زیندان بەرەوڕوو بووەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو زیندانییە بەهۆی ئەو ئەشکەنجە توندانە لەلایەن ٤ مەئمووری زیندانەوە بێهۆش بووە و لە بێهداریدا گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ئەو زیندانییە بۆ دەرەوەی زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

ئەمیر ڕەزایی، ١٠ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە سڕکەرەکان دەسبەسەر و بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.