زیندانییەک بە تۆمەتی "کوشتن" لە زیندانی سنە ئێعدام کرا

12:31 - 20 گەلاوێژ 2720

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەک بە تۆمەتی "کوشتن" لە زیندانی سنە جێبەجێ کرا.

هەواڵدەریی "هێرانا" شوناسی ئەو زیندانییەی بە ناوی "کەیوان ڕەزاقوڵی" تەمەن ٤٣ ساڵ، سەڵت ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو زیندانییە لە ساڵی ٩٤، بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە هاورێکانی خۆی دەسبەسەر و لە کۆتاییدا، بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٤ لە زیندانی سنە دایە.

ئێعدامی ئەو زیندانییە هەتا ئێستا لەلایەن میدیا ناوخۆییەکانی ئێران یان سەرچاوە فەرمییەکان ڕانەگەیەندراوە.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا، هێرانا ڕایگەیاندووە: "زیندانییەکی دیکە هاوکات لەگەڵ کەیوان ڕەزاقوڵی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، بۆ یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو زیندانە ڕەوانە کراوە و بنەماڵەکەیان لە دوایین چاوپێکەوتن ئاگادار کردووەتەوە".

لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندی یان موڵەت لە بنەماڵەی کوژراوەکە، شیمانەی ئەوە دەکرێت کە لە ڕۆژانی داهاتوودا، حوکمی لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە جێبەجێ بکرێت.