زیندانییەک بە تۆمەتی "قەتڵ" لە مەهاباد ئێعدام کرا

17:15 - 17 سەرماوەز 2720

ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی سەرماوەز، حوکمی ئێعدامی "کەماڵ ئەسغەری"، زیندانیی تۆمەتبار بە "قەتڵ" لە زیندانی مەهاباد جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە یەکێک لە تۆمەتبارانی "کوشتنی" سادق بەرمەکی بووە و دانیاڵ دیوانی ‌ئازەر، دووهەمین تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە لە مەترسیی ئێعدام دایە.

"دانیاڵ زەینولعابدین" سێهەمین تۆمەتباری دۆسیەی "کوشتنی" سادق بەرمەکی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە زیندانی میاندووئاو، کوژرا.

دۆسییەی تۆمەتبارانی "کوشتنی" سادق بەرمەکی، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، پاش پشتراستکردنەوەی ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ یەکەی جێبەجێکردنی تاوانەکانی دادگوستەریی شاری مەهاباد، ڕەوانە کرابوو.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٧، کەماڵ ئەسغەری، دانیاڵ دیوانی‌ئازەر و دانیاڵ زەینولعابدین، لە دادگا مەحکووم بە ئێعدام و تاوانباری چوارمی ئەو دۆسیەیە بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٦، کەماڵ ئەسغەری و دانیاڵ دیوانی‌ئازەر و دانیاڵ زەینولعابدین، لەگەڵ کەسێکی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی "سادق بەرمەکی" لاوی مەهابادی، دەسبەسەر کرابوون.