زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنا

17:37 - 26 خەرمانان 2720

زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ، پاش قەبووڵکردنی داواکارییەکەیان کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی پارێزگا، بە بەرپرس و جێگری زیندانی ورمێ ڕایگەیاندووە کە داخوازییەکانی زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان جێبەجێ بکەن".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "دابینکردنی کاروباری خۆشبژێویی ناوەوەی زیندان و پێڕاگەیشتن بە کاروباری دادوەریی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی، لە داخوازییەکانی زیندانییانی مانگرتوو بووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دووپاتی کردووەتەوەکە کە زیندانییانی مانگرتوو ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانیان دووبارە مان دەگرنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان، زیندانییانی بەندی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ، لەهەمبەر خراپیی بارودۆخی نالەباری بەندەکەیان دەستیان دابووە مانگرتن.

 دوای مانگرتنی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی، هێزەکانی گاردی تایبەت و حیفازەت ئیتلاعات هێرشیان کردبووە سەر زیندانییانی سیاسی.