زیندانییانی سیاسی لە زیندانی ورمێ تۆبەنامەی دادستانیان ڕەت کردەوە

12:11 - 27 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، دادستانی ورمێ داوای لە زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانییە کردووە  فۆرمی تۆبە‌نامە پڕ بکەنەوە؛ بەڵام زیندانییانی سیاسی ئەو داواکارییەی دادستانیان ڕەت کردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو داواکارییە بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانە بووە  کە زیاتر لە سێ ساڵە لە زینداندان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "لە فۆرمی تۆبە‌نامەکەدا، هاتووە کە زیندانییانی تۆبەکراو دەبەخشرێن یان سزاکەیان کەم دەبێتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "تەواو زیندانییانی سیاسی ئەو داواکارییەی دادستانیان ڕەت کردووەتەوە و لە سەر بێتاوانبوونی خۆیان پێداگریان کردووە".

زیندانی ناوەندیی ورمێ ١٣ بەندی هەیە و لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی دروست کراوە و لە جادەی دەریا هەڵکەوتوو.

 ناوەندیی بەڕێوەبەریی ئەو زیندانە ڕێکخراوی زیندانەکانی هێزی قەزاییەیە.