٧ زیندانیی کورد، پاش ٦ ساڵ دەستبەسەری، هێشتا حوکم نەدراون

15:48 - 10 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: ٧ زیندانیی عەقیدەتیی کورد، لە کاتێکدا ماوەی ٦ ساڵە لە زینداندان، هەتا ئێستا لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، حوکمەکانیان روون نەبۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوت زیندانیی عەقیدەتیی خەڵكی مەهاباد، کە لە ناوەڕاستەکانی مانگی سەرماوەزی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا دەستبەسەر کران، لەو ماوەیەدا سەرەڕای ئەوەی چەندین جار دادگایی کراون، هێشتا حوکم نەدراون.

ئەو زیندانییانە هەتا ئێستا بە شێوەی فەرمی تۆمەتێکیان نەدراوەتە پاڵ و بەگوتەی کەسوکاری ئەو چالاکانە، ناوەندە ئەمنییەکان لە رێگەی فشار و هەڕەشەوە لە هەوڵی وەرگرتنی دانپێدانانی ناچاریی ئەو زیندانییانەدایە.

ئەیوب کەریمی کوڕی عومەر، ئەنوەر خزری کوڕی محەمەد، داود عەبدوڵڵاهی کوڕی مەحموود، کامران شێخە کوڕی عەلی، خسرەو بەشارەت کوڕی عەبدوڵڵا، قاسم ئابستە کوڕی مستەفا و فەرهاد سەلیمی کوڕی مەجید ناوی زیندانیانی کوردی سوننی مەزهەبی ساڵۆنی ١٠ی رەجایی شاری کەرەجن، کە چارەنووسیان روون نەبۆتەوە.

بە گوتەی چەند سەرچاوەی ئاگادار لە دۆخی ناروونیی پەروەندەی ئەو چالاکە مەزهەبییانە، هیچ بەڵگەیەک لەمەڕ تاوانبار بوونی ئەو کەسانە لە پەروەندەکەیاندا بەدی ناکرێ و لەگەڵ ئەوەشدا لێپرسراوانی قەزایی ئەو کەسانەیان بە یاغی و \"مفسد فی الارض\" لە قەڵەم داوە.

ئەو حەوت زیندانیی عەقیدەتییە، لە نامەیەکدا روو لە کۆڕ و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، داوایان کردووە کە پێراگەیشتن بە دۆخی ناڕوونیان لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بکرێت.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٣٤ زیندانیی سوننی مەزهەبی مەحکووم بەسێدارە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەریدان کە ٢٥ کەسیان حوکمەکانیان لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست نەکراوەتەووە چاوەڕوانی وڵامی ئەو دەزگا حکوومەتییەن.

تێکرای زیندانیانی ئەهلی مەزهەبی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، بە تۆمەتی موحاربە لە رێگەی لایەنگری لە گرووپ و تاقمە سەلەفییەکانەوە بەبێ هەبوونی پارێزەر حوکمی لەسێدارەدرانیان بۆ بڕاوەتەوە.