١٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ کۆتاییان بە مانگرتنەکانی خۆیان هێنا

10:38 - 21 سەرماوەز 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی سەرماوەز، "ئاران تیباش، حوسێن عوسمانی، دارا ڕەشیدی، ئیرەج سۆفی محەممەد دێشەمس، جەواد یووسفی، بێهزاد عەباسیی‌ قەراگوز، موحسێن مەحاڵی، فاروق لواشلوویی، سالار سدیقیی هەمەدانی، ئیبراهیم خەلیل سدیقیی هەمەدانی، خوسرەو زەرستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلامزادە، تۆفیق عەبدوڵڵاهی و محەممەد حوسێن‌پوور" لە زیندانی ورمێ لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی دادوەریی ئەو شارە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان، کۆتاییان بە مانگرتنەکانی خۆیان هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، دادوەری چاوەدێری زیندانی ورمێ و "لوتفی" دادوەری لقی ١٩ی جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکان، لەگەڵ زیندانییانی مانگرتوو چاوپێکەوتنی کرد و بەڵێنیی دا کە داواکارییەکەیان جێبەجێ بکات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، نامەی هاوبەشی ئەو ١٤ زیندانییە سیاسی و مەزهەبییە بۆ دادگوستەری و دادستانی ورمێ ڕەوانە کراوە و پاش ئەو چاوەپێکەوتنە، زیندانییە مانگرتووەکان کۆتاییان بە مانگرتنەکانی خۆیان هێنا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، ١٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر جێبەجێ‌نەکردنی گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی کەمکردنەوەی سزای زیندان و ئاسانکارییەکان‌ دەستیان دابووە مانگرتنی وشک.