١٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانی ورمێ مانیان لە خواردن گرت

16:13 - 19 سەرماوەز 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، ١٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر جێبەجێ‌نەکردنی گەڵالەی دوو فەورییەتی کەمکردنەوەی سزای زیندان و ئاسانکارییەکان‌ دەستیان داوەتە مانگرتنی وشک.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ شوناسی ئەو ١٤ زیندانییە مانگرتوویەی بە ناوەکانی "ئاران تیباش، حوسێن عوسمانی، دارا ڕەشیدی، ئیرج سۆفی محەممەد دێشەمس، جەواد یووسفی، بێهزاد عەباسیی‌قەراگوز، مۆحسین مەحاڵی، فاروق لواشلوویی، سالار سدیقیی هەمەدانی، ئیبراهیم خەلیل سدیقیی هەمەدانی، خوسرەو زەرستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلامزادە، تۆفیق عەبدوڵڵاهی و محەممەد حوسێن‌پوور"، ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو ١٤زیندانییە سیاسی و مەزهەبییە لە نامەیەکدا، ڕوو لە هێزی قەزایی بە ئاماژەکردن بە بارودۆخی خۆیان و خستنە بەرباسی داواکارییەکانیان، داوایان لەو ناوەندە کردووە کە پێراگەیشتن بە داخوازییەکانیان بکەن.

ئەو ١٤ زیندانییە سیاسی و مەزهەبییە ڕایانگەیاندووە کە هەتا ئێستا گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی کەمکردنەوەی سزای زیندان، لە زیندانی ورمێ، بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی جێبەجێ نەکراوە.