زیندانیانی مانگرتووی ئەهواز، داخوازییەکانیان جیبەجێ کراو مانگرتنەکەیان شکاند

14:32 - 20 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروونی ئەهواز پاش ١٧ رۆژ مانگرتن و رەزامەندیی بەرپرسان لەگەڵ بەشێک لە داخوازیی زیندانیان، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٥٩ زیندانیی سیاسی کە لە بەندی ٨ زیندانی کاروونی ئەهوازدا راگیراون، لە رۆژی ٣٠ی مانگی سەرماوەزەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری نێو زیندان و پێرانەگەیشتن بە دۆخی جەستەیی زیندانیانی نەخۆش مانیان لە خواردن گرتبوو.

\"نفس در قفس\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە، مانگرتنی زیندانیانی کاروونی ئەهواز رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانبار و پاش دانوستانی بەرپرسانی زیندان لەگەل مانگرتوان، کۆتایی پێهات.

دەگوترێ، بەرپرسانی زیندانی کاروونی ئەهواز رەزامەندیی خۆیان لەگەڵ دەستپێڕاگەیشتنی زیندانیان بە کتێبخانە، چاوپێکەوتنی زیاتری زیندانیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هەروەها زیاد کردنی باجەی تەلەفۆنی بەندی ٨، لە ٢ دانەوە بۆ ٦ دانە دەربڕیوە.

زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروون، پێشتر لە حەفتەیەکدا تەنیا ٣ جار و هەر جارەی بۆ ماوەی ٣ خولەک ئیزنی تەلەفۆن کردن و هەروەها ١ جار مافی چاوپێکەوتنی \"غەیرە حزووری\" لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان هەبوو.

زیندانی کاروون، کە ٤٥٠٠ زیندانیی تێدا راگیراوە، بە یەکێک لە ناستانداردترین زیندانەکانی وڵاتی ئێران دادەندرێت، کە سەرەتایی‌ترین ئیمکاناتی دەرمانی و بێهداشتیی تێدا نییە.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی لە زیندانی کاروونی ئەهواز، دوابەدوای کۆتایی هاتنی مانگرتنی ٣٤ رۆژەی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ بوو، کە لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە لەمەڕ جێبەجێ کرانی داخوازییەکانیان، کۆتاییان بەو مانگرتنە هێنا.