زیندانیانی سیاسیی رەجایی شار بە مانگرتن پشتیوانی لە یەکتر دەکەن

13:56 - 9 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٣ زیندانیی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بۆ پشتیوانی لە داخوازیی زیندانیانی ئازەربایجانی، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە ریکەوتی ٦ی گەلاوێـژ ٣ زیندانیی سیاسی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەناوەکانی \" خالید حەردانی، ساڵح کوهەندڵ و شاهرۆخ زەمانی \" بەنیشانەی پشتیوانی لە مانگرتنی ٥ چالاکی ئازەربایجانی دەستیان دایە مانگرتن.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ ٥ چالاکی مەدەنیی ئازەری زمانی خەڵکی ئازەربایجان بەناوەکانی \"مەحموود فەزلی، آیت مهر عەلی بەیگلوو، شەهرام رادمێهر، بێهبوود قولی زادە و لەتیف حەسەنی\" بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕیـن بە حوکمی دادگای ئینقلابی شاری تەورێـز مانیان لە خواردن گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو ٥ چالاکە ئازەرییە باری تەندرووستیان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێت و هەرکام لەو ٥ کەسە زیاتر لە ١٠ کیلۆ کێشی لەشیان دابەزیوە.

ئەو ٥ چالاکە بە تاوانی \"پێکهێنانی گروپێکی نایاسایی و تەبلیغ بەدژی نیزام\" بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کراون، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەو ٥ کەسە لەرێگەی مەدەنی و لەچوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێـــراندا سەرقاڵی چالاکی بوون.