زیندانی کرمان؛ ئەمیر پەیغامی بە کۆتاییهاتنی زیندانییەکەی ئازاد کرا

12:08 - 23 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕ، "ئەمیر پەیغامی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، بە کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی کرمان ئازاد کرا.

پێشتر دادسەرای نیزامیی ورمێ داخوازیی لێخۆشبوون و ئازادیی مەرجداری ئەو زیندانییە سیاسییەی ڕەت کردبووەوە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان، "فاروق شاروێرانی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، بە کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی کرمان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕەزبەری ساڵی ۹٨، "فاروق شاروێرانی" و "ئەمیر پەیغامی" لەهەمبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی حیفازەتی زیندانی کرمان و گوشار خستنە سەر ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، مانیان گرتبوو.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی ٩٦، لەلایەن دادگای نیزامیی شاری ورمێ، سەرجەم بە ٨ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان مەحکووم کرابوون.

بەپێی ئەو حوکمە کە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، بە پارێزەرەکانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرابوو، "ئەمیر پەیغامی" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و "فاروق شاروێرانی" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون. دادگای نیزامیی ورمێ، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، "فاروق شاروێرانی" لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی کرمان دوور خرابووەوە، هەروەها ئەمیر پەیغامی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەری ٩٨ بۆ زیندانی کرمان دوور خرابووەوە.