زیندانی کرمان؛ فاروق شاروێرانی بە کۆتایی زیندانییەکەی ئازاد کرا

12:41 - 7 جۆزەردان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان، فاروق شاروێرانی، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شنۆ، بە کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی کرمان ئازاد کرا.

پێشتر، دادسەرای نیزامیی ورمێ داخوازیی لێخۆشبوون و ئازادیی بە مەرجی ئەو زیندانییە سیاسییەی ڕەت کردبووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەری ساڵی ۹٨، "فاروق شاروێرانی" و "ئەمیر پەیغامی"، لەهەمبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی حیفازەتی زیندانی کرمان و گوشار خستنە سەر ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، دەستیان دابووە مانگرتن.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی ٩٦، لەلایەن دادگای نیزامیی شاری ورمێ، سەرجەم بە ٨ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان مەحکووم کراون.

بەپێی ئەو حوکمە کە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، بە پارێزەرەکانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرابوو، "ئەمیر پەیغامی" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و "فاروق شاروێرانی" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون. دادگای نیزامیی ورمێ، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، "فاروق شاروێرانی"، لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی کرمان دوورخرایەوە و هەروەها ئەمیر پەیغامی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەری ٩٨، بۆ زیندانی کرمان دوورخرایەوە.