زیندانی ورمێ؛ ناڕوونیی چارەنووسی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی

11:15 - 16 رەزبەر 2721

فەرزاد سامانی و ساکارعەینی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، ماوەی ٩ مانگە لە زیندان دان و چارەنووسیان ناڕوونە.

فارووق سامانی برای فەرزاد سامانی لەو بارەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیوویەتی: "سەرەڕای تێپەڕینی ئەو ماوە درێژە بە سەر دەسبەسەرکرانیان، هێشتا هەواڵێک لە بەڕێوەچوونی دادگایی کرانیان نییە و بنەماڵە و پارێزەرەکانیان لەو گەڵاڵەیە کە بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلاب و دادوەر غوڵامی دادوەری ئەو لقە نێردراوە، پێداگریان لەسەر زاڵمانەبوون و نایاسایی دەسبەسەرکرانی ئەوان کردووە؛ بەڵام لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە، وڵامێک بۆ ئەو داواکارییە نەدراوەتەوە و چارەنووسیان هەروەها ناڕوونە".

شەوی سێشەممە ١١ی جۆزەردان، فەرزاد سامانی و ساکار عەینی، پاش نزیک ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان، تاقیکاریی کۆرۆنای ساکار عەینی، لە دابڕگەی زیندانی ورمێ، ئەرێنی دەرچووە.

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانباری ٩٩، فەرزاد سامانی، خەڵکی مەهاباد لەگەڵ سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو خوێندکارەی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، "ساکار عەینی"، خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگواستبوو.

ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.