زیندانی ورمێ؛ ئەنوەر چالشی و کامیل سەیدان مەسکەن ١٤ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا

11:34 - 18 رەزبەر 2721

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەنوەر چالشی"، خەڵکی گوندی "لۆرزنە" و "کامیل سەیدان مەسکەن (جەباروەند)"، خەڵکی گوندی "چریاوا" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، هەر کامەیان ٧ ساڵ زیندانی تەعزیرییان بەسەردا سەپاوە.

دادگا ئەو حوکمەی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر ئەو دوو هاووڵاتییە سەپاندووە و ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی بە ناوبراوان لە زیندانی ورمێدا، ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٩٩، لە لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ تۆمەتەکەیان ڕوون کرایەوە و بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کران.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩، ئەو دوو هاووڵاتییە وێڕای هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "مووسا ئالووسی"، خەڵکی گوندی "وەلندەی سەرەوە " سەر بە بەخشی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرابوون.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە، قەرارگای حەمزە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانـ"ـی دابووە پاڵ ناوبراوان.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٩٩، ئەنوەر چالشی، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، شەش ڕۆژ پێش لە ڕاگواستنی بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی "ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

هەروەها کامیل سەیدان مەسکەن (جەباروەند)، ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

مووسا ئالووسی پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ ئازاد کرابوو.