زیندانی ورمێ؛ ئیرەج سۆفی محەممەد دەستی داوەتە مانگرتن

18:41 - 9 گەلاوێژ 2721

ئەمڕۆ شەممە ٩ی گەلاوێژ، ئیرەج سۆفی محەممەد، زیندانیی مەزهەبیی بەندکراو لە زیندانی ورمێ لە ناڕەزایەتی دربڕین لەمەڕ دژایەتیکردنی بەرپرسان لەگەڵ ڕاگواستنی ناوبراو بۆ زیندانی مەهاباد دەستی داوەتە مانگرتن.

ئەو زیندانییە مەزهەبییە پاش مانگرتنەکەی، ڕەوانەی یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ورمێ کراوە.

مانگی بانەمەڕی ٩٩، ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی مەهاباد، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە بەپێی گەڵاڵەی کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری، بۆ ١٠ ساڵ کەم کرایەوە.

ئیرەج سۆفی محەممەد، ساڵی ٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر و لە ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپی ئەنسارولئیسلام" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی، ساڵی ٩٧ لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.